top of page

كچی بازرگانەكە



هەموو سەری مانگێك چاوەرێی گۆڤارەكەم دەكرد، تەنها بەنێك منی لە شتەكان دوردەخستەوە، ئەو گۆڤارەبوو. لەو شارەی تێیدا دەژیام رۆژنامەی لێنەبوو، خەڵكەكەشی زۆر گوێیان بە وشە نەدەدا، گرنگ ئەوەبوو بتوانن كارێك بەدەست بهێنن و، نانێك بۆ خۆیان و ماڵ و مناڵیان پەیدابكەن. ئیتر لە دەرەوەی ئەمە نە وشە، نە كتێب، شوێنێكیان نەبوو جێگای گرنگی خەڵكەكەبن، تاقە كەسێكیش لە رێگای پۆستەوە ئەو گۆڤارەی بۆ دەهات منبووم. چەندینجار لە لایەن سەرنووسەری گۆڤارەكەوە سوپاسنامەم بۆ هات، كە توانیومە لەو شارەدا جیاوازبم و پەیوەندییەكم لەگەڵ وشە و خوێندنەوە هەبێت. ئەمەش جێگای شانازی نییە، جێگای خەمبارییە، ئەوان نەیاندەزانی من لە شتەكان ئەترسم، بۆ ئەوەی شتەكانی ئەم سەردەمە داگیرم نەكەن پێویستم بە گۆڤارەكەی ئەوانە! بەیانی بوو بۆ سەر كار ئەچوم، لەناو پۆستی بەردەرگاكەمدا، كە زیاتر لە هێلانە چۆلەكە دەچێ‌، گۆڤارەكەم بینی، هەڵمگرت و بە پەلە خۆم گەیاندە وێستگەی شەمەندەفەرەكە. هێشتا كاتم نەبوو بیكەمەوە بزانم بابەتەكانی ناوی چین، كە شەمەندەفەرەكە گەیشت لەسەر سەندەڵییەك دانیشتم، بە فرسەتم زانی تا دەگەمە جێ‌ چاوێكی پیا بخشێنم. بابەت دوای بابەت سەیرم دەكرد. لەناوەراستی چیرۆكەكاندا چاوم چوویە سەر چیرۆكێك، هەر بە ناونیشانەكەیدا زانیم هی ئەو نووسەرەیە دڵخۆازی منە و هەمیشە بەو جۆرە دەنووسێت لە گیان و ژیانی منەوە نزیكە. دەمەویست سەیری ناونیشانی هەموو بابەتەكان بكەم پاشان چیرۆكی نووسەرە دڵخوازەكەم بخوێنمەوە، بەڵام هەستم رێگەی نەدام و ناونیشانەكەی لەشوێنی خۆی وەستاندمی. من لەو خوێنەرانەم لە ماسی دەچم، ناونیشانی بابەت دەبێتە تۆڕێك و رێك دەمگرێت. كە بە خەتێكی سوور و پیتی گەورە نووسرابوو (كچی بازرگانەكە) نەمتوانی دەست نەكەم بە خوێندنەوەی. من ناوم ئێوارەیە، كچی دێرانی بازرگانم. حەزناكەم زۆر بە شانوباڵی باوكمدا هەڵدەم، گەر دەتانەوێت بیناسن لەو بازرگانانە بپرسن لە رێی ئارویشم كاری بازرگانیانكردوە. ئەوەی بیستوومە بە ئەسڵ جولەكەی شاری ڤینیسیاین، ئەما ئێستە لە نەیشاپور دادەنیشین. ئەم شارە شاری دڵ و گیانە. گەر جوانی بكەی بە دوو بەشەوە، بەشێكی رژاوە بەسەر ئەم شارەدا. هەتا نەیبینیت و بە بازار و كوچە و كۆڵان و باخەكانیدا نەگەڕێیت، ناتوانیت بڵێیت: من هەموو جوانییەكانم بینیووە. ماڵەكەی ئێمە ماڵ نەبوو، كۆشكێكی گەورەبوو. خزمەتكارەكانمان، پاسەوانەكانی بەردەروازە گەورەكەی حەوشەكەمان، باخە فراوانەكە و هۆدە زۆرەكانی ناو ماڵەكە، شوێنانێكن كەم كەسی ئەم شارە هەیە نەیبنیبن و بەخیلیان بە من نەبردبێت. كچانی شار سەد بیانوویان دەدۆزییەوە تا لەرێگای یەكێك لەو بیانوانەوە ئاشنابن بە من و، بچن لە ناو هاورێكانیان باسیبكەن، كە لەمنەوە نزیكن. بەڵام راستییەكەی هەرچۆنێكم كرد نەمتوانی ببمە هاورێی هیچ كام لە كچەكان، چ كچی بازرگانەكانی شار، چ كچە لوتزلەكانی والی شارەكە، چ ئەوانەی لەبەر سامانەكەی باوكم هەوڵی ناسینی منیاندەدا. هیچ كەس وەك ئەو كەسە هەست بە تەنیایی ناكات، دڵنیابێت ئەوانەی لێیەوە نزیكن لەبەر شتێك لێیەوە نزیكن نەك لە بەر خۆی. من لەو كەسانەبووم هەستەكانم پێیاندەوتم كەس منی ناوێت وەك خۆم، ئەوانەی منیاندەوێت لەبەر شتەكان منیاندەوێت. هەرچۆن دڵم رەنجابوو لە كچەكان، ئاواش دلِرەنجاوبووم لە كوڕ و پیاوانی ئەم شارە. راستییەكەی گاڵتەم بەو كەسانەدێت دۆخی ژیانیان خراپە و، هەموو شتێك دەبەستنەوە بە گیرفانەوە، بەهەمان شێوەش گاڵتەم بەو كەسانە دێت گیرفانیان پڕە و هەموو جوانییەك دەبەستنەوە بە سۆزەوە. هیچیان راست ناكەن، ژیان وەك تەرازوێك وایە، لایەكی تەرازوەكە پێویستی بە سامانە، لاكەی تری پێویستی بە سۆز و خۆشەویستییە. هەر لایەك لەم دوو لایە، لاسەنگ بوو، بە دڵنیاییەوە ژیانیش لاسەنگ دەبێت. كاتێك ئەم قسانە بۆ ئێوە دەكەم، ژیانم بەرەو كۆتایی دەچێت و لەرووی گەنجی و جوانییەوە كچەكەی جاران نیم. خۆشەویسترین پیاو نزیكترین پیاو لە منەوە، قەبۆی دڵفراوانی خزمەتكارمان بوو. مامە قەبۆ پیاوێكی دڵپاكی سادەبوو، هیچی نەدەزانی جگە لە خزمەتكردنی ماڵی ئێمە. عادەتیشی وابوو نەیدەتوانی شت بشارێتەوە. بیرمە رۆژێك من و بابە پێكەوەبووین، حەزیكرد پێكەوە نانێك بخۆین، قەبۆی بانگرد پێی وت: برۆ كەبابمان بۆ بێنە، بەڵام كە هاتییەوە زانیت میوانمان هەیە مەیهێنە ژورەوە تا میوانەكان بڕۆن پاشان بیهێنە، چونكە دەمەوێت لەگەڵ كچەكەم پێكەوە نان بخۆین. كتوپڕ تا ئەو هاتەوە میوانمان هات، كاتێ‌ هاتە ژورەوە دەستی خاڵی بوو، باوكم دڵنیابوو لەوشێنێك دایناوە، بەس من دڵم خەبەری دا پەنێكی داوە، هەر كە دانیشت و سەلامیكرد، یەكسەر بە باوكمی وت نە كەبابم هێناوە نە خستومەتە ناو كولانەی مریشكەكانەوە! باوكم هاواری ڵێهەڵسا وتی: كچم فریاكەوە لەترسی میوانەكان كەبابەكەی لە كولانەی مریشەكان شاردوەتەوە. قەبۆ ئاوابوو. جوانترین پیاوی ئەم دونیاییە بوو، جوانییەكەشی لەبەر دڵپاكییەكەی بوو. بارزگانی و كۆشك و سەروەتی گەورەی نەیانتوانی وابكەن هاورێی راستەقینەی ژیانم بدۆزمەوە. ئەو كچە خزمەتكارانەی لە ماڵەكەماندابوون، چارەنووسیان لە چارەنووسی من جیاوازتر نەبوو. ئەوان هەمیشە چاوەرێیاندەكرد ئەفسانەكەی ناو خەیاڵیان بێت و ماڵێك پێكەوە بنێن، منیش هەمیشە چاوەرێمدەكرد كەسێك بێت منی بوێت و لەم كۆشكە تەنیاییە رزگارم بكات، نە ئەوان ئەفسانەكەی خۆیان بینی، نە كەس هات دەستی من لەم تەنیاییە دەربهێنێت. بمبورن تەنیاییەكەی من برینێك نییە لەناومدابێت، لەو جۆرە تەنیاییانەیە بە مرۆڤێك ئاوەداندەبێتەوە و بە دووری مرۆڤێكیش فراوانتر دەبێت. هەموو ئەو شتانەی پەیوەندیان بە چێژەوە هەیە بینومن، بەڵام مەحروم بووم لە هەموو ئەو شتانەوەی پەیوەندیان بە رۆحمەوە هەیە. راستییەكەی نازانم رۆح چییە، وەلێ‌ دەزانم بۆشایەك لەمنداییە جگە لە كەسێك هیچ شتێكی ئەم دونیاییە پڕی ناكاتەوە. هەر كەسەو ئەو بۆشیاییە لە بوونیدا هەیە، هەندێك بە چێژ پڕیدەكەنەوە، هەندێك بە وشەو هەندێك بە فەرامۆشكردن

 
 
 

Comentários


  • White Facebook Icon
  • White Twitter Icon
  • White Google+ Icon
  • White Instagram Icon

© 2023 by Hiwa Mustafa As Mawda. Proudly created with Wix.com

bottom of page