
هەڵكەوت عەبدوڵڵا، نووسەر و وەرگێڕی كورد، بەرهەمێكی ئەدیبی میسری عەلا ئەلئەسوانی وەردەگێڕێتە سەر زمانی كوردی و بەمنزیكانە لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە بڵاودەكرێتەوە.
هەڵكەوت عەبدوڵڵا لە لێدوانێكدا بۆ (ئەدەب و كولتووری رووداو) باسی هۆكاری وەرگێڕانی رۆمانی (جمهوریە كأن)ی ئەسوانی دەكات و دەڵێت: "بەدوای هەڵبژاردنی كتێبێكدا دەگەڕام كە لەگەڵ دیدگای وەرگێڕانی خۆمدا بگونجێت. كاك ئازاد بەرزنجی سەرۆكی دەزگای سەردەم باسی ئەم كتێبەی بۆ كردم كە مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ لەلایەن (دار الاداب) بڵاوكراوەتەوە و هەرای ناوەتەوە. بابەتەكە سەرنجی راكێشام، بۆیە دەستوبرد لە رێگەی ئینتەرنێتەوە پەیدام كرد و پاش خوێندنەوەی، بڕیاری وەرگێڕانیمدا".
هەڵكەوت عەبدوڵلا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە رۆمانەكە لە بنچینەدا ناوی (جمهوریە كأن) واتە (كۆمارێكی وەك ئەوە)یە كە عەلا ئەلئەسوانی سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرلەنوێی موبارەك بۆ پۆستی سەرۆككۆماری نووسیبووی. بەڵام هەڵكەوت عەبدوڵڵا پاش راوێژ و پرسیاركردن بە كۆمەڵێك شارەزا، ناونیشانی "كەچە كۆمار"ی بۆ وەرگێڕانە كوردییەكە هەڵبژارد : "چونكە ئەو كۆمارەی ئەو رەخنەی لێ دەگرێت، بنەماكانی كۆماری تێدا نییە و گیرۆدەی دەستی گەندەڵی و سەربازگەری و ئاسایشخوازییە".
هەڵكەوت عەبدوڵڵا دەڵێت "رۆمانەكە باسی چەند قۆناغێكی مێژووی میسر دەكات، قۆناغی پێش هەڵگیرسانی شۆڕشی كانوونی دووەم، قۆناغی شۆڕش و گۆڕەپانی ئازادی، قۆناغی تێكشكانی خەونی شۆڕش لە ئەنجامی هاوپەیمانێتی سەربازگەری و گەندەڵكاران و ئیسلامی سیاسی (ئیخوان موسلیمین).
هەڵكەوت عەبدوڵڵا، تاوەکو ئێستا 10 كتێبی نووسیوە و 37 كتێبی وەرگێڕاوە، لەگەڵ 54 كتێبی وەرگێڕدراوی تایبەت بە منداڵان.
Comentarios